پۆلیسی ئوسترالیا: هێرشەكەی سیدنی تیرۆریستی بووە

بینەر: (1.3K)

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ئوسترالیا ژمارەیەك چەكدار گردبوونەوەیەكی جووەكانیان لە كەناراوی رووبارێك لە نزیك شاری سیدنی لە ئوسترالیا كردە ئامانج، پۆلیسی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە هێرشەكە تیرۆریستی بووە و یەكێك لە تەقەكەرەكان كوژراوە و ئەوەیتریش بریندارە و گیراوە.

مال لانیۆن كۆمسیاری پۆلیس لە نیوساوس ویڵز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، رووداوی تەقەكردنەكەی ئەمڕۆ یەكشەم گردبوونەوەیەكی جووەكانی لە كەناراوی رووبارێكی نزیك سیدنی كردە ئامانج، هێرشێكی تیرۆریستی بووە، بەو هۆیەوە 12 كەس كوژراون و 29ش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە دووانیان پۆلیسن.

روونی كردەوە، ژمارەیەك لە برینداران دۆخیان خراپە، ئاماژەی كرد كە زیاتر لە هەزار كەس لەو شوێنە بوون كە تەقەی لێ كراوە، رووداوەكە هێرشێكی تیرۆریستی بووە و هەندێك زانیاریمان لەسەر پاشخانی تەقەكەرەكان هەیە، بۆیە دەتوانرێت هێرشەكە بە تیرۆریستی دابنرێت، ئەنجامدەرێكی هێرشەكە كوژراوە و ئەوەی تر بریندارە و گیراوە و هێشتا لێكۆڵینەوەكان لە سەرەتان.

لای خۆیەوە كریس مینز سەرۆك وەزیرانی ویلایەتی نیو ساوس ویڵز گوتی، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوە دەچن كە هێرشەكە تیرۆریستی بووە و رەوەندی جووی لە سیدنی لە یەكەم رۆژی جەژنی رووناكییەكان “حانوكا” كردووەتە ئامانج.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *