ماڵپه‌ڕى زه كۆنڤهرزهیشن:
هه‌ڵبژاردن ئامرازێك نییه بۆ گۆڕان به‌ڵكو مهراسیمێكه بۆ به‌رده‌وامبوون
حكوومه‌تى عێراق به مامه‌ڵه‌ى چه‌ند كه‌سێك پێكدێت نه‌وه‌ك ده‌نگدان
زۆربه‌ى ده‌نگده‌رانى عێراق فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرن
ده‌نگدان وه‌ك ئه‌ركێكى فه‌رمى سه‌یر ده‌كرێت نه‌وه‌ك بژارده‌یه‌كى سه‌ربه‌ستانه
10 ملیۆن كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌بووه، كارتیان نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه
ماڵپه‌ڕى زه كۆنڤهرزهیشنى ئوسترالى، ره‌خنه‌ى له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌گرێت و ده‌ڵێ، “هه‌ڵبژاردنى عێراق ده‌رخه‌رى دیموكراسییهكیه كه متمانه‌ى له‌گه‌ڵ نییه” هه‌روه‌ها پێیوایه هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته ئامرازێك نییه بۆ گۆڕین به‌ڵكو مهراسیمێكه بۆ به‌رده‌وامبوونى ده‌سه‌ڵات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى عێراقییه‌كانیش مووچه‌خۆرن ماڵپه‌ڕه‌كه پێیوایه ده‌نگده‌ران وه‌ك ئه‌رك ده‌نگ ده‌ده‌ن نه‌وه‌ك ویست.
ماڵپه‌ڕى زه كۆنڤهرزهیشن The Conversation له راپۆرتێكدا ره‌خنه له هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراق ده‌گرێت و پێیوایه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌رخه‌رى دیموكراسییهتێكه متمانه‌ى له‌گه‌ڵ نییه. راپۆرته‌كه باسى له‌وه كردووه عێراقییه‌كان له 11ى تشرینى دووه‌م به‌ره‌و سندووقه‌كانى ده‌نگدان چوون. له ئه‌نجامدا هاوپه‌یمانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق پله‌ى یه‌كه‌مى به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له لایه‌نه‌كان به ته‌نیا ناتوانن حكوومه‌ت پێكبهێنن.
كاتێك لایه‌نێك به ته‌نیا ناتوانێ حكوومه‌ت پێكبهێنێ ئه‌وا په‌نا ده‌باته به‌ر حزبه‌كانى تر، لێره‌وه ماڵپه‌ڕه ئوسترالییه‌كه دووپاتى ده‌كاته‌وه، كه‌واته ده‌نگى ده‌نگده‌ران نابێته هۆى گۆڕان، چونكه ئه‌وان ناتوانن راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌ت هه‌بێت.
ماڵپه‌ڕى كۆنڤهرزهیشن ده‌ڵێ، “حكوومه‌تى داهاتوو وه‌ك زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كانى دواى رووخانى سه‌دام حوسێن له 2003 ، له چه‌ند مانگێك به مامه‌ڵه‌ى ده‌سته‌بژێرێك پێك دێت، نه‌وه‌ك به ده‌سه‌ڵاتپێدانى ده‌نگده‌ران، بۆیه هه‌ڵبژاردن له عێراق بووه‌ته مه‌راسیمێك بۆ به‌رده‌وام بوون، نه‌وه‌ك هۆكارێك بۆ گۆڕان”.
له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه باس له رێژه‌ى به‌شداربوون ده‌كات، كه گوایه به‌رز بووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ماڵپه‌ڕه بۆچوونێكى تر‌ى له‌سه‌ر رێژه‌ى به‌شداربوون هه‌یه. راپۆرته‌كه ده‌ڵێ، “دواى ساڵانێك بۆ یه‌كه‌مجار به‌رپرسان به بۆنه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى ده‌نگدان ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، چونكه سه‌رووى 55%یه، ئه‌مه‌یش زۆر به‌رزتره له هه‌ڵبژاردنى 2021 كه 36% بوو، به‌ڵام ئه‌م ئه‌و ژماره‌یه‌ى ئێسته ههقیقهتێكى تاریك ده‌شارێته‌وه”.
به بڕواى ماڵپه‌ڕه‌كه رێژه‌ى ده‌نگدان ئه‌مجاره‌یش كه‌م بووه، چونكه 32 ملیۆن كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌بووه، كه‌چى ته‌نیا 21 ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌س كارتى ده‌نگدانى وه‌رگرتووه‌ته‌وه، واته سێ ملیۆن كه‌متر له 2021 چونكه ئه‌و كات 24 ملیۆن كه‌س كارتى ده‌نگدانى هه‌بوو. ئه‌مه‌یش وایكردووه ئه‌مجاره رێژه‌ى ده‌نگدان به‌رز ده‌ربكه‌وێت.
ماڵپه‌ڕه ئوسترالییه‌كه سه‌رنج ده‌داته سه‌ر خاڵێكى گرنگ كه پێوه‌ندى به كاركردن له كه‌رتى گشتى و ده‌نگدان هه‌یه. له راپۆرته‌كه باسى ئه‌وه كراوه له 38%ى هێزى كاركه‌ر كه نزیكه‌ى سێ ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س ده‌بن له كه‌رتى گشتى كار ده‌كه‌ن، نزیكه‌ى 700 هه‌زار كه‌سى تریش مووچه‌یان له كۆمپانیاكانى ده‌وڵه‌ت هه‌یه.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش سێ ملیۆن و 100 هه‌زار كه‌س خانه‌نشینن. ملیۆنێك و 500 هه‌زار خێزان مووچه‌ى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى وه‌رده‌گرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى دامه‌زراوه‌كانیش له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، ئه‌وا ئه‌و 12 ملیۆن كه‌سه‌ى ده‌نگى داوه، ئه‌و كه‌سانه‌ن، له بارودۆخێكى وه‌هادا جیاوازى له نێوان ده‌نگده‌ر و فه‌رمانبه‌ر نامێنێ، بۆیه ده‌نگدان له‌لاى خه‌ڵكى عێراق وه‌ك پابه‌ندبوونه به ئه‌ركه بژارده‌یه‌كى سه‌ربه‌ستانه نییه.
ماڵپه‌ڕه‌كه دووپاتى ده‌كاته‌وه، رێژه‌ى به‌شداریى له هه‌ڵبژاردنى عێراق روو له دابه‌زینه و ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان: له 2005 رێژه‌ى به‌شداریى 79% بوو، له 2010 نزیكه‌ى 62% بوو، له 2018 ته‌نیا 44% بوو. له هه‌ڵبژاردنى 2021یش 36% بوو.













Leave a Reply