لە 24 سەعات داعش سێ هێرش دەكاتە سەر هەسەدە

بینەر: (849)

لە سایەی ئەو دۆخەی لە سووریا هەیە، بەتایبەتی بەهۆی ململانێ و جیاوازی بەرژەوەندییەكان و زۆری ناوچە دوورەدەست و سەختەكان و لاوازیی دیمەشق، رێكخراوی داعش دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە، روانگەی مافی مرۆڤی سووریا باسی ئەوە دەكات كە لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعات داعش سێیەم هێرشی كردووەتە سەر هەسەدە.

وەك روانگەكە ئەمڕۆ یەكشەم باسی كرد، چەكدارانی داعش هێرشێكی كتوپڕیان كردووەتە سەر بارەگەیەكی سەربازیی هەسەدە لە گوندی بەحرە لە دەشتی رۆژهەڵاتی دێرزوور، هێرشەكە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام چەكدارەكان بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتن، ئەوەش لە سێیەم هێرش لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعات، دوای كردنەئامانجی ئەندامانی هەسەدە لە دێرزوور و حەسەكە.

ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەوانی گوتی، تا ئێستە مەترسی داعش بەردەوامە و بەهۆی هێرشەكانی ئەو رێكخراوە لە رەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تر كوژراو لە ریزی هەسەدە هەیە، ئێستە هەسەدە زیاتر لە 26 ناوەندی گرتن و سێ گرتووخانەی سەرەكی بەڕێوە دەبات كە 10 هەزار ئەندامی زۆر مەترسیداری داعش لەخۆ دەگرن.

لە سەرەتای ئەم مانگە داعش رای گەیاند كە تانكەرێكی نەوتی خاوی هەسەدەیان لە ناوچەی عزبە لە باكوری دێرزوور كردووەتە ئامانج و زیانیان پێ گەیاندووە، ئەوەش لە چوارچێوەی شەڕێكی ئابووری لە دژی هەسەدە، پێشتریش لە 22ی مانگی رابردوو لە گوندی زیبان تەقە لە تانكەرێكی تر كرابوو.

لە 27ی تشرینی دووەمی رابردوو داعش سێ هێرشی تری لە ناوچەكانی هەسەدە ئەنجام دا و بووە هۆی كوژرانی كەسێك و برینداربوونی دووی تر، بەپێی ئامارەكانی داعش، لە ماوەی 70 رۆژدا، 38 هێرشیان لە دژی هەسەدە ئەنجام داوە 29ی لە دێرزوور بووە و پێنجی لە رەقە و چواری لە حەسەكە و بەو هۆیەوە 53 ئەندامی هەسەدە كوژراون دووانیان سەركردەن، بەپێی ئامارەكانی روانگەی مافی مرۆڤی سووریاش لە مانگی رابردوو داعش 19 هێرشی لە دێرزوور و یەكێكی بە حەسەكە ئەنجام داوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *