لە پەرلەمانی توركیا رێگریی لە وشەی كوردی دەكرێت

بینەر: (1.5K)

بۆ یەكەمجار و بەفەرمی، چەند وشەیەكی كوردی چوونە ناو پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی توركیا، بەڵام دوای تەنیا دوو سەعات سڕانەوە.

لە كاتی گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی ساڵی 2026ـی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، محەمەد روشتو تیریاكی پەرلەمانتاری دەم پارتی، چەند دەستەواژەیەكی كوردیی بەكار هێنا كە بریتیبوون لە “شارەداری خەلفەتی” و “كارتی ژن”، بۆ یەكەمجار ئەم وشانە وەك خۆیان و بە زمانی كوردی لە پرۆتۆكۆڵی پەرلەماندا تۆمار كران.

سەرەتا دڵخۆشییەكی زۆر لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی دروست بوو، بەڵام خۆشییەكە زۆری نەخایاند و دوای دوو سەعات، وشەكان لە پرۆتۆكۆڵ سڕانەوە، لەمبارەیەوە محەمەد تیریاكی گوتی، بە فەرمانی كەسێك كە نازانین كێیە، وشەكان سڕانەوە.

لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا، هیچ وشەیەكی كوردی نەچووەتە ناو پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی توركیاوە و هەر پەرلەمانتارێك بە كوردی قسەی بكردایە، مایكەكەی بەسەردا دادەخرایەوە، جگە لەمانەش، لە پرۆتۆكۆڵدا لەبری وشە كوردییەكان، دەنووسرا قسەكەر وشەی ناتوركیی بەكار هێنا”. پێشتریش بەهۆی بەكارهێنانی زمانی كوردییەوە چەندان پەرلەمانتاری كورد گیراون.

ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە پرۆسەیەكی ئاشتی لە ئارادایە و بەردەوام گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەری پرسی كورد، هەنگاوەكان خاون، بەڵام هەموو لایەك سوورن لەسەر ئەوەی كێشەكان بێنە چارەسەركردن.

لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، جارێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تەناهیی دەبێتەوە، بۆ ئەوەی گوێ لە دوایین زانیارییەكان بگرێت و ئاراستەی هەنگاوەكانی داهاتووی پرۆسەكە دیاری بكات.

لە كۆبوونەوەی ژمارە 17ـی خۆیدا، لیژنەی “هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی” میوانداریی سێ كەسایەتیی گرنگی تەناهیی توركیا دەكات:

عەلی یەرلیكایا، وەزیری ناوخۆ

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری

ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی “میت”

بڕیارە ئەم بەرپرسانە دوایین پێشهاتەكانی پێوەست بە پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە بخەنەڕوو و وەڵامی پرسیاری ئەندامانی لیژنەكە بدەنەوە.

نوعمان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمان رای گەیاند، دەستپێكردنی قۆناغی یاسایی پرۆسەكە، بەندە بە پشتڕاستكردنەوەی چەكدانانی پەكەكە لەلایەن دەزگا تەناهییەكانەوە. بۆیە ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ دەخرێنەڕوو، چارەنووسی هەنگاوەكانی داهاتووی لیژنەكە دیاری دەكەن.

كۆبوونەوەكە لە كاتێكدایە كە سەرەڕای داواكاریی هەریەك لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە و پارتی دەم، بۆ ئەوەی شاندێكی لیژنەكە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان بكەن، هاوكات ئەردۆغانیش داوای كرد لیژنەكە سەردانی ئیمراڵی بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *