بەهۆی خاكی بەپیت و زۆری ئاو و باران عێراق لە كۆنەوە بە كشتوكاڵ و كێڵگە و باخداری و چەندان جۆر میوە و سەوزە و گەنم و جۆ و برنج بەناوبانگ بووە، جیا لە ئاژەڵداری و بەخێوكردنی پەلەوەر و سامانی ماسی و هیتریش، كەچی لە ساڵانی دوایی بەهۆی بێپلانی و كەمیی ئاو و هەژموونی وڵاتانی دراوسێی بۆ پشتبەستن بەوان و كردنی عێراق بۆ بازاڕێكی خۆیان و كردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە كۆمەڵگەی نیشتەجێكردن، هەموو ئەوانە وایان كرد كەتی كشتوكاڵ بەرەو پووكانەوە بچێت.
ئێستە جوتیار و خاوەن كێڵگە و باخەكان لە هەردوو پارێزگای زیقاڕ و میسان لە باشووری عێراق بەهۆی بڕیاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو بۆ وەستانی چاندنی هەندێك لە بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان تووشی كێشە بوونەتەوە و هاواریان لێ هەستاوە، ئەوان ناچار كراون بەهۆی كەمئاوییەوە هەندێك رێوشوێن بۆ ئاودێری بگرنە بەر، هاوكات لەگەڵ ئەو وشكەساڵییەی عێراق و ناوچەكی گرتووەتەوە و پێشبینییەكان بەرەو خراپتربوونی دۆخەكەن.
مەبەستی وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عێراق چارەسەركردنی تەنگژەی كەمیی ئاوە، كەچی هەر ئەو بڕیارە چەندان كێشەی گەورە بۆ كەرتی كشتوكاڵ دروست دەكات، لەوانە بێكاربوونی ژمارەیەكی زۆر لەو خێزانانی پشت بە كشتوكاڵ دەبەستن بۆ بژێوی رۆژانەیان لە فرۆشتنی بەرووبوومەكانیان، جگە لەوانەی لەو بوارە وەك كرێكار كار دەكەن و كەمبوونەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەكی و گرانبوونی نرخ لە بازاڕەكان.
حوسێن زێرجاوی سەرۆكی یەكێتیی كۆمەڵە كشتوكاڵییەكان لە پارێزگای زیقاڕ دەڵێت، دۆخی كشتوكاڵ لەو پارێزگایە بەتەواوەتی داتەپیوە، بۆیە پێویستە حكوومەت سیاسەتی ئاوی و بڕیارەكانی لەوبارەوە بگۆڕێت، ئێستە چاندنی خورما لە زیقاڕ و میسان وەستاوە و خاكە كشتوكاڵییەكان بوونەتە بیابان، لەوكاتەی حكوومەت بڕیاری گونجاوی لەبارەی دۆخی كەمی ئاو و كشتوكاڵ وەرنەگرتووە، سیاسەتەكانی لەبارەی دابەشكردنی پشكی ئاو نەگۆڕیوە.
















Leave a Reply