عەلەوییەكانی سووریا داوای فیدراڵیەت دەكەن

بینەر: (1.2K)

پێكهاتەكانی سووریای نوێ نایانەوێ هەمان ئەزموونی سووریای پێشوو دووبارە بكەنەوە، ئەوان لەسەر بنەمای هەڵسوكەوتی نزیكەی ساڵێكی تەمەنی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، بە ئەستەمی دەبینن مافەكانیان فەراهەم ببێت و بە زمانێكی جیاواز لە هێز و چەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بۆیە جیا لە كورد و درووزەكان، عەلەوییەكانیش داوای فیدرالیەت دەكەن.

دوای ئەوەی بەر لە چەند مانگێك هێزە تەناهییەكان و سوپای سووریا و گرووپە توندڕۆكانی سەر بە دیمەشق لە ناوچە كەناراوییەكانی سووریا هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازییان لە دژی شیعە عەلەوییەكان ئەنجام دا و پێشێلكارییەكی زۆریان بەرانبەر بەوان كرد، دوێنێ لە گەڕەكە عەلەوینیشنەكانی حمس ئاڵۆزی دروست بوو و هۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە هێرشیان كردە سەر چەند گەڕەكێك و شەڕ دروست بوو.

لەو ناوەدا ئەمڕۆ دووشەم مەرجەعیەتی باڵای رۆحانیی تایفەی عەلەوی لە سووریا رەخنەی لە مامەڵەكردنی حكوومەتی سووریا لەگەڵ پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە كرد و دەسەڵاتەكەی بە بەكافركار و توێژ و پشتگوێكار وەسف كرد و داوای دەسەڵاتێكی فیدرالی و نامەركەزیی سیاسی بۆ سووریا كرد، داواشی لە تەواوی پێكهاتەكان كرد بۆ مانگرتنی ئاشتیخوازانە بۆ وەستانی ئامرازی كوشتن و تیرۆر لە دژی ئەوان.

شێخ غەزال غەزال سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و تاراوگە گوتی، سووریا بووەتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی حیساباتی تایفەیی، ئەگەرچی ئێمە وەك تیفەی عەلەوی رۆژێك لە رۆژان سەنگ و بەهامان بۆ تایفیەت دادەنانەوە، بۆیەش چەكەكانمان رادەستی دەسەڵاتێك كرد كە پێمان وابوو هی هەموومانە، بەڵام تووشی نائومێدی بوین بەهۆی ئەوەی چەكەكانمان خستە ناو دەستی دەسەڵاتێكی تیرۆریست و بەكافركار و چینایەتی و پشتگوێخەر كە پێكهاتەی سوننەی كردووەتە ئامرازێك بۆ سیاسەتەكانی.

روونی كردەوە، وەك پێكهاتەكانی سووریا شەڕی بوونمان لە نێواندا نییە و واشی لێ مەكەن، سووریا نابێتە مۆڵگەیەكی داعش، چارەسەرییەكان روونن لە فیدرالیەت و نامەركەزیی سیاسی، ئەوەش بۆ مسۆگەریی مافەكانی ئێمە و ئێوەش، هەروەها داوا لە تەواوی پێكهاتەكان دەكەم بۆ مانگرتنێكی ئاشتییانە بۆ وەستانی ئامرازی كوشتن و دژی هەموو شێوەیەكی تیرۆر كە بەرانبەر بە پێكهاتەكان پیادە دەكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *