لە ماوەی دوایی پێوەندیكردنی ژمارەیەك گەنجی عێراقی بۆ ریزی سوپاكانی رووسیا و ئۆكراینا و بەشداریكردنیان لە شەڕەكە بەرانبەر بە وەرگرتنی ئیقامە و پارە ئاشكرا بوو، هەندێك باسی هەڵخەڵەتاندنیان دەكرێت و تۆماری ڤیدیۆییش لەوبارەوە بڵاو كرایەوە، سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە سەرۆك وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی بۆ چاودێریكردنی بابەتەكە پێك هێناوە.
وەك لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی كرد كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی پێك هێناوە بۆ دانانی میكانیزمێكی تۆكمە بۆ رێگرتن لە دیاردەی پێوەندیكردنی گەنجانی عێراقی بە هەردوو سوپای رووسیا و ئۆكراینا، بۆ ئەو مەبەستەش دەزگای هەواڵگریی عێراق قسەی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە كردووە بۆ كردنەوەی ئەو بابەتە لەگەڵ باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسكۆ و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی چوونەتە ریزی سوپای رووسیا.
هەر بەپێی سەرچاوەكە دەزگای هەواڵگری نووسراوێكی هاوشێوەی بۆ وەزارەتی دەرەوە كردووە بۆ قسەكردن لەگەڵ باڵوێزخانەی عێراق لە كیێڤ بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی عێراقییەكان كە چوونە ریزی سوپای ئۆكراینا، كە بەپێی زانیارییەكان ئەوان بەرانبەر پێدانی بڕی 20 هەزار دۆلار وەك یەكەم وەجبە و دواتر مووچەی مانگانەی سێ هەزار دۆلار و دوای ساڵێك وەرگرتنی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە دەچنە ریزی سوپاكانی رووسیا و ئۆكراینا.
















Leave a Reply