سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنی تۆڵەكردنەوە بۆ تەباتەبائی دەدات

بینەر: (1.4K)

دوای ئەوەی دوێنێ ئیسرائیل ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاساڵاری حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت كوشت، حزبەكە تەنیا بەیاننامەیەكی شێوەیی دەركرد، ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی لە كوشتنی دا.

وەك ئاژانسی “تەسنیم”، بڵاوی كردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی كوشتنی تەباتەبائی كرد و بە تاوانێكی دڕندانەی لە قەڵەم دا، هاوكات بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەستی لە لبنان دانا و دووپاتی كردەوە كە بەرەی موقاوەمەت و حزبوڵای لبنانی مافی تۆڵەكردنەوەیان بۆ خوێنی كوژراوان هەیە و بەو هۆیەوە دوژمن، واتە ئیسرائیل، لە كاتی گونجاودا وەڵامی توندی دەدرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەبو عەلی تەباتەبائی فەرماندەی پێشووی هێزی رەزوانە كە بەشداریی شەڕەكانی لە سووریا و یەمەن كردووە، لە دوای نەعیم قاسم دووەم كەسایەتیی باڵای ناو حزبوڵایە و فەرماندەی هێزە دەستەبژێرەكانی حزبەكەیە و بەشداری لە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانی حزبوڵا لە دوای گورزەكانی ئیسرائیل كردووە، باوكی ئێرانییە و دایكیشی لبنانی، خۆی لە لبنان دادەنیشێت، لە لیستی داواكراوانە بۆ ئەمەریكا و پێنج ملیۆن دۆلار بەرانبەر بە پێدانی زانیاری بۆ گرتنی دانراوە.

سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاماژە دەكەن هێرشەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بووە و زانیاری بە ئەمەریكا دراوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی ئاشكرا نەبووە، لەوكاتەی بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل پێشوەختە ئەمەریكا لە هێرشەكە ئاگەدار نەكردووەتەوە و راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی پێی گوتووە، چەند رۆژێكە ئەمەریكا دەزانێت ئیسرائیلی نیازی پەرەسەندنی دۆخەكەی لە لبنان هەیە، بەڵام بە كات و شوێن و ناسنامەی بەئامانجگیراوەكەی نەزانیوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *