رۆژنامەیەكی بەریتانی لە چەند بەرپرسێكی ئێرانی گواستەوە كە تاران كۆنترۆڵی مەیدانی و ئۆپراسیۆنی میلیشیاكانی حوسی لە یەمەن لەدەست داوە و ئێستە ئێران بێهودە هەوڵی پاراستنی پاشماوەی بەرەی موقاوەمەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
چەند بەرپرسێكی ئێرانی بە رۆژنامەی “تەلەگراف”ی بەریتانیان راگەیاند، ئێستە حوسییەكان كە هێرش دەكەنە سەر رێڕەوی بازرگانیی دەریاوانیی نێودەوڵەتی، فەرمان لە تاران وەرناگرن، ئەوان لە كۆنترۆڵی تاران دەرچوونە و وەك یاخی لە هەموو شتێك رەفتار دەكەن و كەمتر گوێ لە تاران دەگرن.
بەپێی رۆژنامەكە ئەو حاڵەتە تەنیا لە یەمەن نییە و هەندێك لە میلیشیاكانی عێراقیشی گرتووەتەوە و ئەوان سەربەخۆ كار دەكەن و رێنوێنییەكانی تاران پشتگوێ دەخەن، لەوانە وەستانی مەشقی سەربازی تا هێوربوونەوەی دۆخەكە، هۆكاری یاخیبوونی حوسییەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاران دوایین هێزی كاریگەری خۆی لە ناوچەكە لەدەست دا بە لەناوچوونی سەركردایەتیی حزبوڵا، جیا لە پچڕانی پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.
ئێستە دۆخی بەرەی موقاوەمەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باش نییە، ئێران هەوڵ دەدات دۆخەكە رێك بخاتەوە و بەم دواییە عەبدولرەزا شەهلانی فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی رەوانەی سەنعا كرد بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە و گوشاركردن لە حوسییەكان بۆ هاوكاریكردن، چونكە تاكە گرووپی بەرەی موقاوەمەتن كە بە ئەكتیڤی ماون.
رۆژنامە بەریتانییەكە هۆكاری ئەو دۆخەی نێوان حوسییەكان و ئێران بەوە لێك دەداتەوە كە لە مانگی نیسانی رابردوو لە كاتی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكان، ئێران لە ترسی دروستبوونی شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا پاڵپشتیكردنی حوسییەكانی وەستاند، شارەزایان دەڵێن، پێوەندییەكانی ئێران و حوسییەكان سوودگۆڕكێیە، هەر لایەنێك بەرژەوەندی خۆی لە هاوكاریكردنی ئەویتر هەیە.
















Leave a Reply