“دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەكەی كۆرمۆر ئاشكرا بكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت”

بینەر: (1.4K)

دوای ئەوەی شەوی 26 لەسەر 27ی تشرینی دووەمی رابردوو هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە زیان بە بەشێكی كێڵگەكە گەیشت و بووە هۆی پچڕانی كارەبا لەسەر بەشی زۆری هەرێمی كوردستان و چەند پارێزگایەكی عێراق، ناڕەزایی و سەركۆنەیەكی زۆری ئەو هێرشە كرا، تا ئێستە هیچ لایەنێك بەرپرسیارەتی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە، شارەزایان پێیان وایە بۆ دووبارەنەبوونەوەی پێویستە ئەنجامدەران ئاشكرا بكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

عەلی جبووری توێژەر و مامۆستای زانكۆ دەڵێت، بەردەوامبوونی نادیاری و رانەگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە هێرشەكە، دەرگە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی هێرشەكان بۆ سەر دامەزراوە گرنگەكان واڵا دەكات، بۆیە ئاشكرانەكردن و لێپرسینەوەنەكردن لەگەڵ ئەنجامدەران هەڕەشە لە ئاسایشی وزە و سەقامگیریی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات.

روونی كردەوە، بۆردمانەكەی دوایی كێڵگەی كۆرمۆر پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و دەستدرێژییە بۆ سەر یەكێك لە گرنگترین دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق، بۆیە هەر چاوپۆشییەك یان هێشتنەوەی دۆسیەكە بێ راگەیاندنی ئەنجامی روون، بە نەرێنی كار لە متمانەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەكی دەكات و ژینگەی وەبەرهێنان لاواز دەكات، كە بۆ پەرەپێدانی بواری وزە پشتی پێ دەبەسترێت.

جبووری پێی وایە كەرتی وزە یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق، بۆیە هەر هەڕەشەیەك و كردنەئامانجی راستەوخۆ بەسەر دابینكردنی وزەی كارەبا و دۆخی ئابووری و سەقامگیریی كۆمەڵگەیی رەنگ دەداتەوە، بۆیە پاراستنی كێڵگە نەوتی و غازییەكان بەرپرسیارەتیی نیشتمانییە و پێویستی بە هاوئاهەنگییەكی ئاستبەرزی لایەنە تەناهییەكان و حكوومەت هەیە، پێویستە لە راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان پەلە بكرێت و لایەنی بەرپرس دیاری بكرێت و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر وەربگیرێت، كە تاكە رێگەیە بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلكارییانە و بەردەوامیی ناڕوونیی بابەتەكەش خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی وڵات ناكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *