بڕیارە لەم رۆژانە مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بێتە عێراق، لەو بەر لە هاتنی تویتێكی كرد و ئامانجی سەرەكیی وڵاتەكەی لەو قۆناغەی ئێستە و كاركردنی لە عێراق بە روونی دیاری كرد و عێراق و میلیشیاكانیشی وریا كردەوە، شارەزایان پێیان وایە قسەكانی نێردراوی ئەمەریكا ئاماژەی روونن بەوەی دۆسیەی چەكی میلیشیاكان چووەتە قۆناغێكی زۆر هەستیار و هەنگاوی توندتری بەدواوەیە.
ریاز وەحیلی پسپۆڕی كاروباری ستراتیجی گوتی، پەیامە وریاكەرەوەكانی ئەمەریكا تەنیا لێدوانی میدیایی نەماون، بەڵكو بوونەتە دەربڕینێكی ئاشكرا بۆ نیگەرانییەكی پەرەسەندوو لەناو دامەزراوەكانی ئەمەریكی بەرانبەر بە زیادبوونی هێز و دەسەڵاتی چەكی دەرەوەی دەوڵەت لە عێراق، ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوخۆیی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
روونی كردەوە، توندیی لێدوانەكانی ساڤایا رەنگدانەوەی گۆڕانی هەڵوێستی واشنتنە بۆ ئاستی زیاتر لە وریاكردنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمەریكا تاوتوێی چەند بژارەیەك دەكات، لەوانە توندكردنی سزاكان یان پێداچوونەوە بە بنەماكانی شەڕوانیی هێزەكانی لە عێراق، لە سایەی بەردەوامیی ئاڵۆزییە تەناهی و سیاسییەكان.
وەحیلی دووپاتی كردەوە، ئەگەری لە قۆناغی داهاتوو ئەمەریكا پەنا بۆ تێكەڵكردنی گوشاری سیاسی و ئابووری لەسەر لایەنە كاریگەرەكانی عێراق لە دۆسیەی چەك ببات، لەگەڵ زیادكردن و بەهێزكردنی بوونی تەناهی و هەواڵگری بۆ مسۆگەركردنی پارێزراویی بەرژەوەندی و هێزەكانی، بەڵام هەڵوێستی كۆتایی دەوەستێتە سەر ئاستی وەڵامدانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ هەوڵەكانی تەنیا هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت.
















Leave a Reply