حەسەكە.. دەست بە رێوشوێنەكانی پێدانی رەگەزنامە بە كورد دەكرێت

بینەر: (28)

یەكێك لەو ستەم و ناهەقییانەی بە درێژایی مێژوو لە كوردی سووریا كراوە، بێبەشكردنیانە لە پێدانی رەگەزنامەی سووری، ئەمڕۆ دووشەم فەرمانگەی پێوەندیدارەكان لە پارێزگای حەسەكە دەستیان بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی وەرگرتنی داواكاریی پێدانی رەگەزنامەی سووری بە هاووڵاتییانی كورد كرد، كە فەرمانی سەرۆكایەتیی ژمارە 13ی 16ی كانوونی دووەمی 2026 دەیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ ناوەندەكانی تۆماركردن لە شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ و دێرك و دەرباسییە، پێشوازییان لە هاووڵاتییانی كورد كرد، بەتایبەتی لە توێژی تۆمار كۆتكراوەكان، ئەوان لە بەیانی ئەمڕۆوە بۆ پرسیاركردن لەبارەی رێوشوێنەكان بۆ پێشكەشكردنی داواكاری روویان لەو ناوەندانە كرد.

بەپێی فەرمانەكە كە لە ناوەڕاستی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا دەكرا، رێوشوێنەكانی سەرژمێریی 1962 لە حەسەكە دێتە هەڵوەشاندنەوە و رەگەزنامەی سووری بە هاووڵاتییانی كورد دەدرێت، لەوانەش كە ناویان لە تۆماری باری شارستانی تۆمار نەكراوە، لەگەڵ دابینكردنی تەواوی ماف و دیاریكردنی ئەركەكانیان.

بەرانبەر بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكە، هاووڵاتییانی كورد هەنگاوەكەیان بە راستكردنەوەیەكی مێژوویی بۆ دۆخی یاسایی ئەوان لە دوای دەیان ساڵ لە فەرامۆشكردن و بێبەشكردن لە مافە سەرەكییەكانیان دادەنرێت، لەوانە بوون بە خاوەن موڵكوماڵ و بەناوكردن و فێركردن و كار و گەشتكردن.

شایەنی باسە لە سەرژمێریی 1962 لە حەسەكە لە سووریا، سەتان هەزار هاووڵاتیی كورد لە سووریا لە پێدانی رەگەزنامەی سووری بێبەش كران، ئەوان بۆ چەند توێژێك لە رووی یاساییەوە دابەش كران، بەوەی لە چەندان جۆر مافی مەدەنی بۆ ماوەی دەیان ساڵ بێبەش كران.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *