لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی، میدیای میلیشیا و هێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران كەمتر باسی مانەوەی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن، ئەوان خۆیان لەو بابەتە لادەدەن، كە دەزانن ئەمەریكا لە عێراق نەكشاوەتەوە و ئەوەی باسی دەكرێت كشانەوەیەكی شێوەییە و بۆ راگەیاندن و شەرمەزارنەكردنی حكوومەتی عێراق و خودی میلیشیاكانە، لەو ناوەدا جەنەراڵێكی خانەنشینی ئەمەریكی دووپات لە مانەوەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات.
مارك كیمیت شارەزای سەربازی و جەنەراڵی پێشوو نوێكردنەوەی گرێبەستی پاڵپشتیكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقی لە جۆری ئێف16 لە لایەن وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا، وەك پەیامێكی روون بۆ شێوەی پێوەندی داهاتووی هەردوو وڵات لەقەڵەم دا، دووپاتی كردەوە كە بەڵگەیە لەسەر بەردەوامبوونی مانەوەی ئەمەریكا لە عێراق دوور لەو مشتومڕی كشانەوەی باسی دەكرێت.
كیمیت كە پێشتر یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوە بۆ كاروباری سیاسی و سەربازی بووە، لەبارەی گرێبەستەكە كە بەهاكەی 252 ملیۆن دۆلارە گوتی، مەبەستی سەرەكیی لە گرێبەستەكە پارێزگاریكردنە لە توانای ئێستەی عێراق، بابەتەكە ئەوەندە پێوەندی بە فراوانخوازی نوێی سەربازییەوە نییە، ئەوەندەی رێوشوێنێكی رۆتینییە بۆ مسۆگەركردنی كاری كەشتیگەلی ئاسمانیی عێراق، كە بڕبڕەی پشتی سەروەریی ئاسمانییە.
دووپاتی كردەوە كە نوێكردنەوەی ئاگربەستەكە بەڵگەیە لەسەر پابەندیی ئەمەریكا بە مانەوەی لە عێراق، بێ رەچاوكردنی ئاستی بوونی هێزەكانی لەوێ، ئەو بوونە تەكنیكییەی ئەمەریكا لە عێراق هاوشێوەی بوونی ئابوورییە لە كەرتی وزە لە عێراق و هاوشێوەی كاری كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكانە، كاتێك شارەزایانی مەدەنی لە عێراق دەمێننەوە بۆ پاراستنی ئامادەیی و توانای كەشتیگەلی ئێف16ی عێراقی، نوێكردنەوەی گرێبەستەكە ئێستە دووپاتی دەكاتەوە كە بەغدا و واشنتن نموونەیەكی هاوبەشی پێڕەو دەكەن لەسەر بنەمای شارەزایی و ئەزموونی مەدەنی و پاڵپشتیی درێژخایەن لە بری پشتبەستن بە پاڵپشتیی بەردەوامی سەربازیی ئەمەریكا.
















Leave a Reply