توركیا بەرانبەر بە پەكەكە بە نیازی چییە؟

بینەر: (1.4K)

لە ماوەی ئەمساڵ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا هەنگاوی باشی بڕی، بەدەر لە ئاگربەست و ئاشتی، هەردوولا، توركیا و پەكەكە، ئامانج و مەبەستی خۆیان لە پابەندبوون بە پرۆسەی ئاشتی هەیە، پەكەكە دەیەوێ لە كۆتایی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرە گیراوەكەی لە زیندان ئازاد بكرێت و وێنەی خۆی لەبەردەم ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوخۆی توركیا بگۆڕێت بۆ هێزێكی ئاشتیخواز، ئەگەر بواری پێ بدرێت لەگەڵ خەباتی سیاسی و ئاشتییانەیە، بەڵام توركیا چی دەوێت؟

ئەمڕۆ دووشەم میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كرد كە نەخشەرێگەیەك هەیە بۆ داماڵینی چەكی پەكەكە لە عێراقیش، واتە دەركردنی سەركردەكانی ئەو حزبە لە عێراق و رێگەنەدان بە مانەوەیان لە ناو خاكی عێراق، جیا لەوە پلانەكە دەركردنی پەكەكە لە ناوچەكانی شنگال و مەخمووریش دەگرێتەوە، كە لەوێوە پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ سووریا دەچێت.

ئاماژەیان كرد كە سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل لە رێگەی دادگای توركییەوە دادگایی دەكرێن، رێگەیان پێ نادرێت لەناو عێراق و سووریاش بمێننەوە، رەنگە بۆ وڵاتانی ئەسكەندەنافیا یان وڵاتی تر رەوانە بكرێن كە دواتر دیاری دەكرێن، هەرچی ئەندامانی ئەو حزبەیە لە عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق دۆخیان چارەسەر دەكرێت، كە زیانیاری لەبارەی 85%ی حزبەكە بە توركیا داوە و زۆرینەیان لە تاوانكاری تێوە نەگلاون.

دوێنێ ئامەد ملاز سەركردە لە پارتی كرێكارانی توركیا لە دیدارێك لەگەڵ ئاژانسی “فرانس پرێس”، گوتی، ئێمە تەواوی هەنگاوەكانمان جێبەجێ كرد كە ئۆجەلان دەستپێشخەری بۆ كردبوو، دوای ئەوە هیچ هەنگاوی ترمان نابێت، چونكە پەكەكە چاوەڕوانی دەوڵەتی توركیایە و دەبێت ئەو هەنگاوەكانی لەسەریەتی بنێت، روونی كردەوە، پەكەكە دوو داواكاریی سەرەكی هەیە، ئەوانیش ئازادكردنی ئۆجەلان كە لە 1999ەوە لە دوورگەی ئیمرالی گیراوە، هەروەها دداننانی دەستووری و بە فەرمی بە گەلی كورد لە توركیا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *