بڕیارەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی لەگەڵ وەزیری جەنگ و سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمەریكا سەبارەت هەنگاوەكانی داهاتوو بەرانبەر بە بە ڤێنزوێلا كۆ ببێتەوە، لەوكاتەی ئیدارەكەی لە گوشارەكانی بۆ سەر كاراكاس بەردەوامە.
وەك تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن” لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستەوە، لەو كۆبوونەوەیە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ بەشداری دەكەن لەوانە بیت هیگسیس وەزیری جەنگ و جەنەراڵ دان كاین سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەش و ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و سوزی وایڵز بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆشكی سپی و ستیڤن میلەری جێگری.
كۆبوونەوەكەی ئەمشەو لە دوای زنجیرە رێوشوێنێكی توندی سەربازی لە لایەن واشنتن بۆ سەر كاراكاس دێت، لەوانە چەند هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر پاپۆڕی قاچاخچیانی مادەی هۆشبەر لە دەریای كاریبی و كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری سەربازی لە نزیك كەناراوەكانی ڤێنزوێلا.
ئێوارەی دوێنێ یەكشەم ترەمپ ئاشكرای كرد كە بەمدواییە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤێنزوێلا ئەنجام داوە، ماركواین مۆلین ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە حزبی كۆماری ئاشكرای كرد كە واشنتن پێشنیازی بۆ مادۆرۆ كردووە بۆ جێهێشتنی وڵاتەكەی بەرەو رووسیا یان هەر وڵاتێكی تر و دووپاتی كردەوە كە هەلێكمان پێی داوە بۆ رۆیشتن، لەوكاتەی سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی هەردوو سەرۆك دوایین هەل بوو بۆ رێگرتن لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هەردوو وڵات.
















Leave a Reply