تاران: هەر شەڕێكی تر بە لەناوچوونی ئیسرائیل كۆتایی دێت

بینەر: (1.2K)

راپۆرتەكانی هەواڵ و شارەزایانی سەربازی پێشبینیی نزیكبوونەوەی گەڕێكی تری هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەن، هاوكات بەرپرسانی ئێرانیش دووپات لەو نیازەی ئیسرائیل دەكەنەوە و وریایی لەوە دەدەن كە ئەوجارە وەك جاری پێشوو نابێت و شەڕەكە سەختتر و فرەوانتر دەبێت، لەو ناوەدا سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی كردەوە كە هەر شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە تەنیا بە لە ناوچوونی ئیسرائیل كۆتایی دێت.

عەمید رەزا نەقدی راوێژكاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی، ئێستە دوژمن لە لاوازترین دۆخیدایە و ئێمەش خوولەك دەژمێرین بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆتایی و ئامادەشین بۆ بەرگەگرتنی هەر ئەركێك بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و سەربەرزی و شەرەفمەندیمان، بۆیە هەر شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە تەنیا بە لەناوچوونی ئیسرائیل كۆتایی دێت.

دوێنێ بەشێك لە میدیاكانی ئێران دووپاتیان كردەوە كە لە سەعات 10:30ی بەیانی فڕۆكەیەكی سەربازیی ئەمەریكی ئاسمانی تارانی بڕٍیوە و لە چەند ناوچەیەكی پایەتەخت دەنگی بیستراوە، ئەگەرچی سوپای ئێران رای گەیاند كە فڕۆكەكە ئێرانییە، لایەنی فەرمیی ئەو وڵاتە روونكردنەوەی هۆكاری هەڵفڕینیان نەدا.

لێكدانەوەی شرۆڤەكار و شارەزایانی سەربازی، لەوانە ئەحمەد شەریفی شارەزای ستراتیجی و سەربازی بەوەی هەڵفڕینی دوو رۆژی رابردووی فڕۆكە سەربازییە نەناسراوەكان بە ئسمانی عێراق، رەنگە ئاماژەیەك بن بۆ نزیكبوونەوەی هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران یان عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بەرپرسێكی باڵای سەربازیی حزبوڵای لە لبنان كوشت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *