تاران داوا لە حزبوڵا دەكات وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە

بینەر: (1.6K)

ئەگەرچی زۆر جار ئەوەی لە میدیاكان و بە ئاشكرا دەگوترێت پێچەوانەی ئەوەیە كە بە نهێنی هەیە و دەگوزەرێت، بەڵام كوشتنی ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالاری حزبوڵا و فەرماندەی باڵای سەربازیی حزبەكە ئەوەندە كاریگەر بوو كە شارەزایان بە هەژانێكی هاوشێوەی كوشتنی حەسەن نەسروڵا وەسفی دەكەن، بەتایبەتی كە بە رەگەز ئێرانییە، لەو ناوەدا تاران داوا لە حزبەكە دەكات وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە.

لەو كاتەی دوای كوشتنی تەباتەبائی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی كوشتنەكەی كرد و داوای تۆڵەسەندنەوەی كرد، بەڵام ئەو مافە بۆ كاتی گونجاو هەڵدەگرن، لەوكاتەی موحسین رەزایی ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران و یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی دەسەڵات لە تاران، داوای لە حزبوڵا كرد پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئارامگرتنی ستراتیجی بكات، واتە بە ئاشكرا داوای لە حزبەكە دەكات بۆ دەست پێكردنی شەڕێكی نوێ لە دژی ئیسرائیل.

شارەزایان پێیان وایە ئێران لەبەر چەند هۆكارێك حزبوڵا بۆ ئەو هەڵوێستە هان دەدات، لەوانە دوورخستنەوەی ئەگەری شەڕ و هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر خۆی و بۆ شاردنەوەی لاوازی و بێتوانایی كە ئێستە تێی كەوتووە و لبنان گونجاوترین گۆڕەپانە بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ هاندانی حزبوڵا بۆ توندكردنی هەڵوێستی بەرانبەر بە ئیسرائیل و لەوانەش بەكارهێنانی باشووری لبنان وەك دەروازەیەك بۆ گەڕاندنەوەی هێز و توانای بەرپەرچدانەوەی لە ناوچەكە، لەوكاتەی تاران لە دانی باجی راستەوخۆ بەدوور دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *