بەهۆی هێرشی میلیشیاكانەوە كوێت باڵوێزی عێراق بانگهێشت دەكات

بینەر: (541)

لە دوای هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران و میلیشیاكانی لە ناوچەكە كەوتنە بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، جیا لەوە ئەوان چەند ئامانجێكی ژێرخان و گرنگی ئەو وڵاتانەیان بەئامانج گرت، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی كوێت بۆ دووەم جار لەبارەی هێرشی میلیشیاكانەوە بانگهێشی باڵوێزی عێراقی كرد.

ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی دەرەوەی كوێت رای گەیاند كە عەزیز رەحیم دیحانی جێگری وەزیری دەرەوەی كوێت بە وەكالەت بانگهێشتی زەید عەباس شەنشوول كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراقی لە كوێت كردووە و بۆ دووەم جار یاداشتێكی ناڕەزایەتی بەهۆی بەردەوامیی هێرشی میلیشیا عێراقییەكان و كردنەئامانجی خاكی كوێت رادەست كردووە.

دیحانی دووپاتی كردەوە كە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر كوێت لە خاكی عێراقەوە دەستدرێژییە بۆ سەر كوێت و پێشێلكردنی سەروەریەكەی و یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە، كوێت رەتیان دەكاتەوە و پێویستە حكوومەتی عێراق رێوشوێنی پێویست و توند بەرانبەریان وەربگرێت.

شایەنی باسە وەزارەتی كارەبای كوێت رای گەیاند كە ئێوارەی دوێنێ یەكشەم هێرش كراوەتە سەر دامەزراوەیەكی خزمەتگوزاری لە وێستگەیەكی كارەبا و پاڵاوتنی ئاو، لە 3ی ئەم مانگەش بە هەمان شێوە لە خاكی عێراقەوە هێرش كرایە سەر كوێت و لە 4ی ئادار كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراق جارێكی تر بانگهێشت كرایەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *