دوای بێئومێدبوونی، ماوەیەكە دۆناڵد ترەمپ لەسەر گەیشتن بە رێككەوتن بۆ وەستانی شەڕی ئۆكراینا گەرم بووە و گوشاری خستووەتە سەر هەردوولایەنی شەڕكەر، رووسیا و ئۆكراینا، بۆ سازشكردن لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی كە بەم دواییە خستییە روو، ئەگەرچی گفتوگۆكانی ئەمەریكا و رووسیا لەوبارەوە تەواو نەبووە، بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئۆكراینا بە پلانەكە رازی بووە.
ئەمڕۆ سێشەم بەرپرسێكی ئەمەریكی بە تۆڕی “ئەی بی سی نیوز”ی ئەمەریكی راگەیاند، ئۆكراینییەكان بە رەشنووسی پلانی هەمواركراوی ئاشتی رازی بوونە و ئێستەش چەند وردەكاریی بچووك ماوە و پێویستە چارەسەر بكرێن.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا بە وریاییەوە گەشبینیی خۆی بەرانبەر بە پلانە نوێكەی ئەمەریكا راگەیاند و گوتی، كیێڤ چەند ئاماژەیەك بەدی دەكات كە وا دەكەن رێگە بەرەو ئاشتی راستەقینە بێت، ئەنجامی باش بەدی هاتوون، بەڵام هێشتا كارێكی زۆر ماوە بكرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا بەرانبەر بە پلانەكەی ئەمەریكا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە وڵاتەكەی دەقە هەمواركراوەكەی پلانەكەی بەدەست نەگەیشتووە و ئەگەر رەچاوی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی ئالاسكا كە لە ئابی رابردوو لە نێوان رووسیا و ئەمەریكا ساز كرا نەگونجێت، رەنگە رەتی بكەینەوە.
ئەمە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو زیلینسكی سەردانی ئەمەریكا بكات بۆ دیاریكردنی دوایین رەشنووسی پلانەكەی ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕی ئۆكراینا كە لە 19 بڕگە پێك هاتووە لەوانە وازهێنانی ئۆكراینا لە بیرۆكەی چوونە ناو ناتۆ و كەمكردنەوەی ژمارەی سوپاكەی و بڵاونەكردنەوەی هیچ هێزێكی بیانی لەسەر خاكەكەی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی 100 رۆژ لە وەستانی شەڕ لە ئۆكراینا.
















Leave a Reply