بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمەریكا، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد و لە “ئێكس”ەكەی خۆی وێنەیەكی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ڕۆهلات عەفرین بڵاو كردەوە و گوتی، “خاكی ڕۆژئاوا بەخاكی خۆم دەزانم، چونكە بۆ پاراستنی، خوێنی هاوسەرەكەم لەسەر ئەم خاكە ڕژاوە و شەهید بووە”.
ساڵی 2019 شەڕڤانانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان هێرشیان كردە سەر چەكدارانی داعش لە مەنبەج، شەڕێكی زۆر دژوار ڕووی دا و ژمارەیەك شەڕڤان شەهید بوون، یەكێك لەوانە، “شانۆن كێنت” بوو كە بەڕەچەڵەك ئەمەریكی بوو، هاوسەری “جۆ كێنت”ە كە ئێستە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری ئەمەریكایە.
جۆ كێنت بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمەریكا دوای ئەوەی بەسەردانێك چووە ڕۆژئاوای كوردستان ڕای گەیاند، “شانازی بە هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە دەكەم، بەردەوامیش هاوكار و پشتیوانتان دەبم، خۆشم بە بەشێك لە ئێوە دەزانم”.
كێنت بە مەزڵووم عەبدی گوتووە، “من بەشێكی ژیان و جەستەم لەناو ئێوە لە دەست داوە، كەواتە منیش بەشێكم لە هەسەدە و بەشێكم لەو شەڕڤانانەی كە شانۆنی هاوسەرم دژی تیرۆر لەگەڵیان جەنگا، ڕۆژئاوای كوردستان خاكی منیشە.
ڕۆژی 5ی 2ی 2025 جۆن كێنت ئەفسەری هێزە تایبەتەكان، وەك بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمەریكا “دەزگای دژەتیرۆری” دەستنیشان كرا.
شانۆن كە هاوسەری كێنت بوو، لە كاتی شەڕێكی دژوار دژی داعش لە ئازادكردنی مەنبەج شەهید بوو، ئەوكات وەك شەڕڤانێك لە ڕیزی یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) خەباتی دەكرد.
ناوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەمەریكادا گرنگییەكی زۆری هەیە، لە وەڵامی پەرەسەندنی مەترسییەكانی تیرۆریزمی جیهانیدا، لە سەردەمی سەرۆكایەتیی جۆرج بوش دوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001 دامەزراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی نیشتمانی و هاوئاهەنگی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.













Leave a Reply