بۆ سەرۆكی پەرلەمان چانسی موسەنا سامەرایی لە هەڵكشانە

بینەر: (896)

دوای ئەوەی دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، سوننە دەستیان بە كۆبوونەوە كرد و داوایان لە سەرۆك كۆمار كرد وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان پێش 25ی ئەم مانگە دیاری بكات، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەپێی زانیارییەكانی ناو ماڵی سوننە چانسی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بەرزە.

بەپێی سەرچاوە سیاسییەكان، لە دوایین كۆبوونەوەی سوننە كە دوێنێ كراوە، دۆخەكە بەرەو یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بووە بەر لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق، ناوی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم وەك كاندیدی سازان دەركەوتووە، كە هێزە سوننەكان كێشەیان لەگەڵی نییە و لە ململانێی پێشتری سوننە تێوە نەگلاوە، بۆیە قبووڵكراوترە لەوانیتر، بەپێی سەرچاوەكان سێ هۆكار هەن بۆ هاتنەپێشەوەی سامەرایی.

یەكەم، گوتاری نەرمی سیاسییانە و هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ماف و دەستكەوتی سوننە و پەنانەبردن بۆ پەرەسەندن و شەڕی سیاسییانە لەگەڵ شیعە و كورد، دووەم سروشت و سەركەوتوویی پێوەندییەكانی لە ناو ماڵی سوننە و وەك كەمتر قۆرخكار و هەڵپەرست و ئامادە بۆ دابەشكردنی دەسەڵات سەیر دەكرێت، بۆیە وەك گەرەنتییەك بۆ فەرامۆشنەكردنی لیستە بچووكەكانی سوننە سەیر دەكرێت، سێیەم، ڤیتۆی كورد و شیعەی لەسەر نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *