” ئەگەری هەیە لە 2026 بەهۆی میلیشیاكانەوە گوشاری دارایی ئەمەریكا بخرێتە سەر عێراق”

بینەر: (901)

زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە داهاتووی عێراق بەدەست ئەمەریكایە و دەبێت حكوومەتی عێراقی رەچاوی بەرژەوەندی و مەرج و داواكارییەكانی بكات، ئەگینا ساڵانێكی سەخت، بەتایبەتی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چاوەڕوانی دەكات، راپۆرتێكی ئەمەریكی ئاماژە بۆ ئەگەری سەپاندنی كۆت و سزای توندی دارایی بەسەر عێراق دەكات، ئەگەر دەسەڵاتی میلیشیاكان لە عێراق سنووردار نەكرێت.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەبارەی یاسای رێگەپێدانی بەرگری، ئەنجوومەنەكە داوای لە پیتر هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكا كردووە بە سەپاندنی كۆت بەسەر هەر بڕە پارەیەك لە 2026 بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق تەرخان دەكرێت، ئەگەر عێراق گەرەنتیی سنوورداركردنی دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران نەدات، لەوانە رێكخراوی بەدر بە سەركردایەتیی هادی عامری.

لە بڕگەیەكی راپۆرتەكەدا هاتووە، كۆت بخرێتە سەر پارەی تەرخانكراوی بۆ پاڵپشتیكردنی هێزە تەناهییەكانی عێراق بە رێژەی تا 75%، ئەوەش تا ئەوكاتەی وەزیری جەنگی ئەمەریكا دووپاتكردنەوە بە لیژنەكانی كۆنگرێس نەدات بەوەی حكوومەتی عێراق هەنگاوی باوەڕپێكراوی لەوبارەوە ناوە، ئەوانیش، كەمكردنەوەی توانای سەربازی و ئۆپراسیۆنیی میلیشیاكانی ئێران لە رێگەی پرۆسەی باوەڕپێكراو و راگەیەندراوی داماڵینی چەك و كەمكردنەوەی ژمارەیان و یەكخستنەوەیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكان.

هەروەها بەهێزكردنی دەسەڵات و كۆنترۆڵی سەرۆك وەزیران وەك فەرماندەی هێزە چەكدار و تەناهییەكان. جیا لەوە لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ئەندامانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران یان ئەندامانی هێزە تەناهییەكانی عێراق و ئەوانەشی لە دەرەوەی سەركردایەتین و لە هێرشەكان بۆ سەر ئەمەریكی و عێراقییەكان تێوە دەگلێن یان بەشێوەیەكی نایاسایی و شێوێنەر بۆ سەقامگیری رەفتار دەكەن.

راپۆرتەكە بەتایبەتی باسی رێكخراوی بەدر دەكات، كە هیچ بڕە پارەیەك لەوانەی تەرخانكراو لە لایەن وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا لە 2026، نابێت بگاتە ئەو رێكخراوەكە و هیچ رێكخراوێكی تر كە ئاژانسی هەواڵگری دیارییان دەكات، بەڵام ئەو رێوشوێنانە پارەی تەرخانكراو بۆ هێزی پێشمەرگە ناگرێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *