یەكێك لە ئامانجی زۆرینەی وڵاتانی دنیا بوونە بە خاوەن تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی، وەك ئێران، كە هەوڵێكی زۆر دەدات ببێت بە خاوەنی بەرنامەیەكی ئاشتییانەی ئەتۆمی، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە و ترس لە گەیاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، لێی قەدەغە كراوە، هاوكات ئێستە گفتوگۆیەكی ئەتۆمی لە نێوان ئەمەریكا و سعوودیە لە واشتنتن بەڕێوە دەچێت.
دوێنێ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە سەردانی ئەمەریكای كرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە و چەندان باسی گرنگیان تاوتوێ كرد، لەوانە بازرگانی و چەك و سەربازی و هیتریش، یەكێك لەو بابەتانەی باسی كراوە هاریكاریی ئەتۆمییە لە نێوانیان و ئەوان گفتوگۆیان لەبارەی بنیاتنانی كورەی ئەتۆمی لە سعوودیە بۆ مەبەستی مەدەنی كرد.
بەپێی هەواڵەكان هەردوولا گفتوگۆ ئەتۆمییەكانیان كۆتایی پێ هێناوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ هابەشیكردن لە تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی، لە هەنگاوێك دەرگەی لەبەردەم كۆمپانیاكانی ئەمەریكا واڵا دەكات بۆ كاركردن لەو بوارە لە سعوودیە، وەك ئاژانسی “بلوومبێرگ”ی ئەمەریكی باسی كرد.
دوێنێ سێشەم كۆشكی سپی رای گەیاند كە هەریەك كریس رایت وەزیری وزەی ئەمەریكا و هاوتا سعوودیەكەی راگەیاندنێكی هاوبەشیان واژوو كرد دووپات لە كۆتاهاتنی گفتوگۆكان لەوبارەوە دەكاتەوە، لە حاڵەتی تەواوبوونی رێككەوتنەكە، پاڵپشتییەكی گەورە دەبێت بۆ كەرتی وزەی ئەمەریكا و كۆمپانیای “وستنگهاوس ئیلیكتریك” و هیتریش كە لە بواری دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی و فرۆشتنی تەنیك و كەرەستەی كورەی ئەتۆمی كار دەكەن.
















Leave a Reply