ئێران: دانوستانمان لەگەڵ واشنتن نەكردووە و كردنەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە سازشكردنە

بینەر: (415)

ئەمڕۆ دووشەم ئێران رای گەیاند كە دانوستانی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریكا نەكردووە و تەنیا چەند ئاماژەیەكی لە رێگەی ناوەندگیرەكان لەبارەی خواستی واشنتن بۆ دانوستان بەدەست گەیشتووە، قسەكانی واشنتن لەو بارەوە مایەی وریابوونە و هەڵوێستی ئەمەریكا جێگیر نییە، دووپاتی كردەوە كە كردنەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە سازشكردنە.

ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی ئێران روون و ئاشكرایە و ئەو داواكارییانەی ناوەندگیرەكان بۆ تارانیان گواستووەتەوە لەبارەی وەستانی شەڕ نالۆجیكین و زیادەڕۆییان تیادایە، ئەو كۆبوونەوانەی ئێستە پاكستان مێوانداری دەكات، لەسەر دەستپێشخەریی ئەوانە، تاران بەرپرسیارانە دەچێتە ناو دانوستانەكان، لەوكاتەی ئەمەریكا دووجار دانوستانەكانی تێك داوە.

سەبارەت بە ئەگەری دەستپێشخەرییەكی سیاسی لە لایەن ئێران بۆ كۆتاهاتنی شەڕ، دووپاتی كردەوە كە ئەركی لەپێشینە بەرگریكردنە لە وڵات و هەر بڕیارێك لەبارەی شەڕ، لە كاتی گونجاو دێتە وەرگرتن و بەپێی خەمڵاندنی لایەنی پێوەندیدار، ئێستە ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشەكانیان زیاد كردووە و ژێرخانی ئێران دەكەنە ئامانج، ئەوەش بەرگریكردن دەكاتە شتێكی پێویست.

ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئادار، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا جارێكی تر دەستی بە هەڕەشە كردەوە و گوتی، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكرێت، ئەو تەواوی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و بیرە نەوتەكانی دوورگەی خارگ لەناو دەبەم.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *