ئابڕووچوونی كاندیدی میلیشیایەك.. سەتان گەنج بۆ دەنگدان هەڵخەڵەتێنراون

بینەر: (1.6K)

دوای كۆتاهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سۆشیال میدیای عێراق پڕ بووە لە بەڵگەنامە و دەنگۆی ئەوەی موهەنەد خەزرەجی كاندیدی رێكخراوی بەدر فێڵی لە سەتان گەنج كردووە و بەرانبەر بە بەڵێنی دامەزراندن دەنگی بەوان داوە، بۆیە ئەوان سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە.

ئەو سكاڵایەی دراوەتە ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، باسی ئەوە دەكات كە 1500 گەنج بە چەند بازنەیەك بە سەرپەرشتیی كەسێك بە ناوی لوئەی عیماد نەسر كۆ كراونەتەوە، ئەو كار بۆ كاندیدەكەی بەدر دەكات و سەرپەرشتیی مەشق و رێكخستنی ئەو گەنجانەی كردووە.

هەر بەپێی سكاڵاكە، ئەو گەنجانە بۆ چەند شوێنێكك براون، لەوانە سەربازگەی مەشقكردن لە پارێزگای دیالە و پێیان گوتوون كە ئەو خولە بەشێكە لە بەرنامەیەكی مەشق وەك رێخۆشكردن بۆ بردنیان بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی، یەكەم كۆمەڵەی ئەو گەنجانە لە 14ی تشرینی یەكەمی 2025 مەشقیان پێ كراوە و بۆ جاری دووەمیش لە 16 بۆ 26ی تشرینی یەكەم بە بەشداریی 250 كەس، بەوانیان گوتووە كە لەسەر میلاكی هەمیشەیی حەشدی شەعبی دێنە دامەزراندن و ناسنامەی ئەلیكترۆنیان بۆ دەكرێت بۆ وەرگرتنی مووچە و بەشەخۆراك، ئەو هەنگاوەش وەك لە سكاڵاكە هاتووە بۆ راكێشانی دەنگی ئەوانە لە هەڵبژاردن.

وەك لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە، بەشێك لە بەشداران واژوویان لەسەر چەك و كۆمپیالە بە بەهای 20 ملیۆن دینار بۆ هەر كەسێك كردووە، بەوەی هەر یەكێكیان لە رۆژی دەنگدان 25 دەنگدەر بێنێت و ئەگەر ئەوە نەكەن، چاودێرییان دەكرێت، هەروەها لە سكاڵاكە باسی ئەوەش كراوە كە ئەوان بەڵێنی گەشتكردنیان بۆ ئێران پێ دراوە بۆ تەواوكردنی مەشقەكانیان، جیا لە دەرهێنانی ناسنامەی حزبی بۆ پاراستنی یاسایی بۆیان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *