گرووپەكانی موقاوەمەی عێراقی: ئێمە نەبووین

بینەر: (169)

دوای ئەو توڕەیی و سەركۆنەكردنە فرەوانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر لە چەمچەمال بەدوای خۆی هێنا و بووە هۆی پچڕانی وزەی كارەبا لەسەر هەرێمی كوردستان، پەنجەی تاوان ئاراستەی میلیشیا شیعەكان كرا و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو مەبەستە پێك هاتووە، ئەمشەو گرووپە چەكدارەكانی بە ناو موقاوەمەی عێراقی خۆیان لە هێرشەكە بێبەری كرد و رەتیان كردەوە ئەوان ئەنجامیان دابێت.

وەك لە بەیاننامەیەكی هاوئاهەنگیی بەرەی موقاوەمەی عێراقی هاتووە، تۆمەتباركردنی گرووپەكانی موقاوەمەتی عێراق بە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر، بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان و پەردەپۆشكردنی ئەو ململانێ هەرێمییەیە كە هەیە، دووپاتی كردەوە كە لە ئەجیندەی هاوئاهەنگیەكە نییە پێگە مەدەنییەكان بكاتە ئامانج و چەكەكەی ئاراستەی داگیركەرە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەمەریكا.

روونی كردەوە، ئامادەین بۆ بەشداریكردن لە لێكۆڵینەوەكان پێوەست بە دووبارەبوونەوەی هێرشەكان، بەتایبەتی ئەوانەی ژێرخان و سامانی نیشتمانی دەكەنە ئامانج، پێشتریش ئامادەیی خۆیمان دەبڕیوە بۆ ئەوەی ببین بە بەشێك بە سیستمی بەرگری ئاسمانی و دابینكردنی ئاسایشی ئاسمانی عێراق.

شایەنی باسە شەوی 26 لەسەر 27ی ئەم مانگە بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی كە بەشی زۆری كارەبای هەرێمی كوردستان و كەركووك و نەینەوا و سەڵاحەدین دابین دەكات و بەو هۆیەوە كارەبا لەو ناوچانە بڕا، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە پێك هاتووە و بڕیارە بەمنزیكانە ئەنجامەكان بداتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و بێتە راگەیاندن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *