لەم رۆژانە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كۆرمۆر دێتە راگەیاندن

بینەر: (2)

دوای ئەوەی لە شەوی 26 لەسەر 27ی ئەم مانگە بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، جیا لە سەركۆنە و توڕەییەكی زۆر، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشەكە پێك هات، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە خەریكە تەواو دەبێت و بڕیارە دوای چەند رۆژێكی تر ئەنجامەكان بێنە راگەیاندن.

میقداد میری بەڕێوەبەری پێوەندییەكان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوی كێڵگەی كۆرمۆر، بە تەواوی ئەندامانی سەردانی پارێزگای سیلێمانی و كێڵگەكەی كردووە و بەدواداچوون لە لایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ كاری لیژنەكە هەیە.

روونی كردەوە، لیژنەكە كاری خۆی جێبەجێ كردووە و گەیشتووەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، كاتێك ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە پەسند دەكرێن، دێتە راگەیاندن، ئاشكرای كرد، ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە چەند رۆژی داهاتوو دەردەچێت و ئەو ئەنجام و قسانەی ئێستە دەكرێت راست نین، ناكرێ ئێستە كەس تۆمەتبار بكرێت و دەبێت پشت بە راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوە ببەسترێت و ئەوكاتەی هاتە راگەیاندن ئەنجامدەری هێرشەكە دیاری دەكات.

دوای ئەوەی شەوی چوارشەمی رابردوو هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە بەغداوە سەردانی كێڵگەكەی كرد و ئێوارەی هەینی رابردوو گەڕانەوە بەغدا، بڕیارە دوای یەكلاكردنەوە بابەتەكە راپۆرتی خۆیان بدەنە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بێتە راگەیاندن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *