ئەوەی تێبینی كرا لە هەڵبژاردنی هەفتەی رابردووی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان چەند كورسییەكی لە پارێزگا عەرەبەكان بردەوە، جارێكی تر كوردانی ئەو پارێزگایانە لە رێگەی پارتی بوونە خاوەن نوێنەرایەتی خۆیان، بەتایبەتی فەیلییەكان لە پارێزگای واست، كە كوردێكی فەیلی لەسەر ئەو حزبە كورسییەكەی پەرلەمانی كۆتای فەیلییەكانی بردەوە.
سوبحی مەندەلاوی توێژەری سیاسی لەوبارەوە دەڵێت، لە دوای ساڵانێك لە پشتگوێخستن، كورسیی تایبەت بە كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست بۆ نوێنەری سروشتیی خۆی گەڕایەوە، كاتێك پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی بۆ عەلی حەیدەر، كاندیدی براوەی كۆتای فەیلییەكان لە واست، لە چوارچێوەی راستكردنەوەی هەڵەیەكی مێژوویی لە نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتە هات.
روونی كردەوە، ئەو كورسییەی كۆتای فەیلییەكان لە واست گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بۆیەش راستەوخۆ لە لایەن سەرۆكی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و دەنگی عەرەب و پێكهلتەكانی تر پاڵپشتی كرا، لەوكاتەی پێشتر ئەو كورسییە بەدەست حزبی دەعوەوە بوو و بەرجەستەی ناسنامەی نەتەوەیی و مافی رەوای كوردانی فەیلی نەدەكرد.
مەندەلاوی دووپاتی كردەوە كە گەڕانەوەی ئەو كورسییە بۆ كوردانی فەیلی گەڕانەوەیەتی بۆ ریشە ئاساییەكەی خۆی و هەنگاوێكی پێویست بوو بۆ خزمەتگەیاندن بە كوردانی فەیلی دوور لە نوێنەرایەتییەكی بنیاتنراو لەسەر مەزەو، كە رێزی لێ دەگرین، بەڵام ناكرێ ببێتە شوێنگرەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ئەو پێكهاتە نیشتمانییە، بەتایبەتی كە پارتی بە رژدی مامەڵە لەگەڵ پرسی پێكهاتەكان و نەهێشتنی فەرامۆشكردنیان دەكات، خودی سەرۆك بارزانی وەك نوێنەری كوردانی فەیلی لە واست دەنگی بە عەلی حەیدەر داوە.
ئەو قسانە لەناو ئەو مشتومڕە دێت كە لە سۆشیال میدیا دروست كرا دوای ئەوەی عەلی حەیدەر توانی بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 17 هەزار دەنگ كورسی كۆتای فەیلییەكان لە پارێزگای واست بەدەست بێنێت، كە زۆرینەی لە دەنگدانی تایبەت لە هەولێر هاتووە، مەندەلاوی دەڵێت، ئەو مشتومڕە راستییەكە ناگۆڕێت بەوەی كورسییەكە بۆ نوێنەرانی شەرعی خۆی و بەپێی یاسا و دەستوور گەڕاوەتەوە.













Leave a Reply