بەرپرسێكی شیعە: گفتوگۆكان زیاتر لەسەر پێكهێنان و شێوەی حكوومەتی نوێن

بینەر: (0)

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە خۆی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و دوو لیژنەی باڵای بۆ گفتوگۆكان و پێكهێنانی حكوومەت و بەرنامەكەی و بۆ وەرگرتنی سیڤی و چاوپێكەوتن و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت پێك هێنا، بەرپرسێكی شیعە دووپاتی كردەوە كە ئەركی لەپێشینە رێككەوتنە لەسەر شێوەی حكوومەت.

مەحموود حەیانی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە گفتوگۆكانی ناو چوارچێوە لەبارەی قۆناغی داهاتوو لە قۆناغی سەرەتاییە و هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیچ كاندیدێكی یەكلا نەكردووەتەوە.

روونی كردەوە، ئێستە كاری لەپێشینەی چوارچێوە تەواوكردنی گفتوگۆكانە لەبارەی شێوەی حكوومەتی نوێ رێڕەوی چاكسازی سیاسی و مسۆگەریی سازانێكی فرەوانی نیشتمانی بەر لە گەیشتن بە قۆناغی تاوتوێكردنی دۆسیەی ناوەكان، كە میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پشت بە لێكتێگەیشتنی ناوخۆیی ئینجا گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی تری سیاسی دەبەستێت.

حەیانی روونی كردەوە، ئەوەش لە میدیاكان باسی دەكرێت بە بوونی چەند كاندیدێكی دیاریكراو بۆ سەرۆك وەزیران راست نییە، تا ئێستە چوارچێوەكە هیچ ناوێكی فەرمیی نەخستووەتە روو و نەچووەتە قۆناغی بەراوردكردنی كەسایەتییەكان، هەموو ئەوەی دەكرێت گفتوگۆی سەرەتاییە لەبارەی پێوەرە گشتییەكان كە دەبێت لە سەرۆك وەزیرانی داهاتوودا هەبێت.

بەپێی سەرچاوەكان ئێستە ئەمەریكا گوشار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات بۆ ئەوەی هیچ پۆستێكی سیادی و گرنگ لە حكوومەتی نوێ بە كەسانی سەر بە میلیشیاكان نەدرێت، لەوانە سەرۆك وەزیران و پۆستە ویزارییەكان، چونكە ئەو كار لە سەقامگیریی سیاسی دەكات، بۆیە ئەگەری هەیە پۆستی میلیشیاكان بە كەسانێكی سەربەخۆی نزیك لەوان بدرێت.

بەپێی راپۆرتەكان گەورەكردنی بابەتی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران تەنیا رووكەشێكە بۆ شاردنەوەی بابەتێكی ئاڵۆزتر، سەرچاوە تایبەتەكان ئاماژە دەكەن كە ئەوەی ئێستە زیاتر شیعەی سەرقاڵ كردووە ناوی كاندیدان نییە، بەڵكو پێكهێنانی حكوومەتێكە كە مسۆگەریی بەشداریپێكردنێكی سەلامەتی گرووپە چەكدارە براوەكانی هەڵبژاردن بكات، لەوانەی ئەمەریكا وەك تیرۆریست ئەوانی ناساندووە و لە پەرلەمان كورسییان بردووەتەوە.

بەپێی سەرچاوەكە بابەتی دیاریكردنی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ تەنیا بۆ بەدەستهێنانی كاتی زیاتر و رەخساندنی بواری زیاترە لەبەردەم رێكخستنی ئەو نوێنەرایەتییەی میلیشیاكان لە دامەزراوە جێبەجێكردنەكان بێ دروستكردنی كێشە لەگەڵ ئەمەریكییەكان لە داهاتوو، بۆیە حكوومەتی نوێ پێك نایەت تا ئەو بابەتە مسۆگەر نەكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *