ئیسرائیل خۆی بۆ دوای شكستهێنانی پڕۆژەبڕیارێكی ئەمەریكا لەبارەی غەزە ئامادە دەكات

👁️بینەر: (0)

ئەگەرچی تا ئێستە یەك قۆناغی جێبەجێ كراوە، بەڵام رێككەوتنی ئاگربەستی غەزە بەردەوامە و نەشكاوە، بڕیارە لە قۆناغەكانی داهاتوو بزووتنەوەی حەماس چەك دابنێت و واز لە دەسەڵات لە غەزە بێنێت، حەماس تا ئێستە خۆی دەدزێتەوە و چەكدانان رەت دەكاتەوە، لەو ناوەدا ئیسرائیل خۆی بۆ جێبەجێكردنی پلانێك لە كاتی شكستهێنانی هەوڵەكانی ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادە دەكات.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل رای گەیاند كە سوپای ئیسرائیل پلانێك بۆ داماڵینی چەكی بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی دەستكردنەوە بە شەڕ ئامادە دەكات، ئەوە ئەگەر پلانەكەی ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەر نەگرێت، كاتێك واشنتن دەیەوێ زوو دەست بە دووەم قۆناغی پلانەكەی ترەمپ بكات، كە تا ئێستە بەربەستی گەورەی لەپێشە.

بەپێی رەشنووسی پێشنیازی ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دووەم قۆناغی رێككەوتنی غەزە، باسی ئەركی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە دەكات كە ئەمەریكا بەنیازە پێكی بێنێت و لەگەڵ پۆلیسی فەلەستینی لە غەزە كار دەكەن، بۆیە ئیسرائیل وەك شوێنگرەوەیەك بۆ ئەو پلانە لە كاتی شكستهێنانی، باسی ئەگەری هەڵمەتێكی سەربازی بۆ داماڵینی چەكی حەماس دەكات.

بڕیارە دووشەمی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێكی ئەمەریكا بدات كە پاڵپشتی لە پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی غەزە دەكات و هەریەك لە ئەمەریكا و قەتەر و میسر و توركیا سعوودیە و پاكستان و ئوردن و ئیمارات و ئیندۆنۆسیا پاڵپشتی لێ دەكەن، كە بەپەلە دەسەڵاتی پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ غەزە فەراهەم دەكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *