کارەساتی قسەکردنی بێ حیساب لەوەدایە ئەو کەسەی گوتار دەدات، ڕەچاوی کاریگەریی و مانەوەی شتەکان لە هزری وەرگرەکان نەکات و ئینجا بێ شارەزایی و بە پێخواسی بەناو بکەوێت، هەروەها لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زانیاری و شتەکان و زمانیش ئاگاییەکی قووڵ و گونجاوی نەبێت. سیاسییەکان پێویستە بەردەوام ڕاهێنانیان بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان و هەڵبژاردنی دەستەواژە و شێوازی ئاخاوتن بۆ بکرێت. دەزانم ئەمە لای سیاسی کورد عەیبەیەکی گەورەیە پێی بێژیت وەرە فێربە چۆن زمان بەکار دەهێنی، چونکە سیاسی لای وایە دەبێت لە هەموو کارێک پێشڕە و لێوەشاوە بێت.
دەبێژم بێ سنوور قسەکردن کارەساتە، بێ ڕەچاوکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری و دۆخی سیاسی، بەکارهێنانی هەندێک وشە و دەربڕین و بە خەیاڵ وێناکردن و هەڵگێڕانەوەی واقیع، قسەکەر تووشی ئاژاوەیەکی بێ کۆتا دەکات، ئەمانە بەرهەمی خراپیان دەبێت. دواتریش ڕاستکردنەوە و گلەیی و هێرشێکی دیکەی لەپێناو کەمکردنەوەی گوشار و ڕاستکردنەوەی شتە پووچەکان، ڕەنگە سوودێکی ئەوتۆی بۆ پینەکردن و پێچانەوە و شاردنەوەی ڕاستگوتراوەکان نەبێت. بە واتایەکی دیکە، درۆیەکی زەق لەپێناو کوشتنی هەقیقەت، جگە لە ڕیسوایی هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. دەبێت ئەوە بزانین گوتار حووکم و لە هەمانکاتیشدا ڕاپەڕاندنی کردەیەکە بە وشە و ئاخاوتن و ڕاپەڕاندنی مەبەست و نیازێک. قسەکانی ناو گوتارەکە لە شێوەی حووکم و بڕیار دەردەکەوتن، با قسەکەر هەر بۆ سوعبەت و گاڵتە و خۆشاردنەوە لە پەنای گوتارەکەوە، ئەمەیشی گوتبێت.
زمان نیشانە و هێمایە بۆ ئاشکراکردنی هەقیقەتی قسەکەر، هیچ شتێک بەقەد زمان مرۆڤ تووشی تەنگەتاوی و ڕیسوابوون و کێشە ناکات، ئەوانەی بە ڕاستەوخۆ ئاخاوتن و هێرش و هەڕەشە بە ئازایەتی دەزانن، نابێت لە بیری بکەن، ئازایەتی پێوەندی بە ڕەتکردنەوەی (ترس، سەرکوتکردن، خۆ بە پاشکۆزان و ژێردەستییەوە هەیە)، بەشێکی ئازایەتی هەندێک جار پێوەندی بە (بیرنەکردنەوەی قووڵ و لێکنەدانەوەی کاردانەوەکان و نیمچە گەمژەییەکەوە هەیە). قسەکردنی بێ حیساب ئازایەتی نییە، بەقەد ئەوەی لە دەستدانی ئازادی و نەزانینەوە سەرچاوە دەگرێت، قسەی بێ حسیاب ڕەگێکی بە تووڕەیی و کاردانەی بێ بنەما و بیرنەکردنەوەی گونجاوەوە بەستراوەتەوە.
ڕووداوەکانی کۆرمۆر ئەمجارە کاریگەریی وەک هێرشەکانی پێشوو نییە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ؟
یەکەم: هێرشکردنە سەر کۆرمۆر، پەلاماردانی کارەبا بوو، ئەمەیش بە مانای هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، کردەیەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەتکراوەیە. لە کاتێکدا چاککردنی کارەبا دوای پتر لە 30 ساڵ لە ڕاپەڕین، بە ئەفسانە و دەستکەوتێکی مەزنی بێ وێنە دادەنرێت. بۆیە ئەمەی ئەم هێرشەی کردووە، لە دوژمن پیستر و دڕندەترە. بەهەر پێوەرێک بێت هەر تەنیا سزادان چارەسەر نییە، بەڵکوو بەهێزکردنی بنکە و کەرەستەی بەرگری لە هەرێمی کوردستان، پێویستییەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی تونای بەرگری.
دووەم: ئەمجارە هەندێک لە گرووپ و میلیشا شیعییەکانیش ئەم هێرشەیان سەركۆنە کرد، پێشتر بە ئاشکرا پێوەندیان بە هێرشەکانەوە هەبووە، ئەمەیش ڕەنگە لە چەند ڕوانگەیەکەوە بێت:
ێ- باش دەزانن ئەم هێرشە سزای تووند بەدوای خۆیدا دێنێت و هەر تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو بەرژەوەندی ئەمەریکایش دەخاتە مەترسییەوە.
ب- دەیانەوێت بە سەركۆنەكردن وا خۆیان پێشان بدەن كە پێوەندییان بەو هێرشەوە نییە، ڕەنگە بیانەوێت وا پێشانی بدەن كە ڕووداوەكە پێوەندی بە ململانێی ناوەخۆی کوردەوە هەیە.
ج- ڕەنگە چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی زانیارییەکان و ترسی سزاکانی ئەمەریکا بێت كە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ڕووداوەکان.
سێیەم: تورکیا و ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد، داوای سزادانی بکەران دەکەن. لەم جۆرە هێرشانەدا هەمیشە پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەکرێت و بە کردەوەیش هێرشەکانی پێشووتر پێوەندییان بەو گرووپانەوە هەبووە کە ئێران پاڵپشتی و هاوکاری کردوون و حکوومەتی فیدراڵیش چاوپۆشی و پارەداری کردوون و بەم هەڵوێستەی ناڕاستەوخۆ رێگەی پێداون کاری لەم جۆرە بکەن.
چوارەم: ئەم هێرشە لە سەردەمێکدایە کە گرووپە ملیشیاکانی دەرەوەی دەوڵەت لە ناوچەکە بەرەو هەڵوەرینن، تێکشێنراون، یان ترسی هەڵوەشانەوەیان لەسەرە، بۆیە لە کاتێکی مردوو، ئینجا یەکجار خراپدا ئەم کارەیان کردووە.
پێنجەم: حکوومەتی فیدراڵی کاربەڕێکەرە، هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ هەرێم لیژنەیان پێکهێناوە و سەردانی ناوچەکەیان کردووە و دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا ئاکامی لێکۆڵینەوە ڕابگەینن، ئەمەیش (سودانی) دەخاتە بەردەم دووڕیانێکی ئاڵۆز. (مالکی)یش گوتی: ئەگەر من سەرۆک وەزیران بم، ئەم هێرشانە ڕوو نادەن. لە کاتێکدا مێژووی ئەویش پڕە لە کارەساتی مەترسیدار، بۆیە دوور نییە ناکۆکییەکانی ناوخۆی عێراق، کارتێکی دیکە بێت.
لە ئاستی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان:
یەکەم: سۆشیال میدیای نزیکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسە و لێدوانەکانی بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیان بە ڕووداوەکەوە بەستەوە کە پێشتر هەڕەشەی (ڕاگرتنی ئەم غازە و تێکدانی کارەبا) وەک (گوشار و ملکەچکردنی پارتی لە پێکهێنانی حکوومەت)دا بەکار هێنا.
هەڵبژاردنی وشەکانی ئەم بەرپرسانە دەبنە بەڵگە، سەرچاوە و گومان و ڕاستەوخۆ بە رووداوەوە دەبەسترێنەوە. ئەمەیش نیشانەی بەهێزی هەڵبژاردنی شێوازی قسەکردن نییە، بەڵکوو نەزانین و بیرنەکردنەوە لە داهاتوو، بێ منەتی و هەڕەشە و حووکمیشی تێدایە، بۆیە بەکارهێنانی زمان دەرمانە، وەک چۆن لە هەمانکاتدا خراپ بەکارهێنانی دەبێتە ڤایرۆسی نەخۆشی و کێشە.
دووەم: قوباد تاڵەبانی لە سۆشیال میدیا ڕاشکاوانە لە باتی سەرکۆنەی هێرشەکە، ڕەخنەی گرت و سەرکۆنەی سۆشیال میدیای نزیکی پارتی کرد، ئاماژەی داوە، “دەیانەوێت ئاگری شەری ناوەخۆ خۆش بکەن”. بێ ئەوەی ئاماژە بە پاشخانی لێدوانە مەترسیدارە ڕاشکاو و ئاشکرانی بەرپرسەکانی یەکێتی هۆی بکات کە بوونەتە سەرچاوەی ئەو گومان و قسە و بازاڕگەرمییەی سۆشیال میدیا.
ئەوان لە قسەکان و گوتاریاندا بە ئاشکرا “هەڕەشەی بڕینی غاز و کارەبا دەکەن”. لە ڕاستیدا قسە و لێدوان و گوتارەکانی پێشووی یەکێتی سەرچاوەن بۆ لێکدانەوە و بەیەکەوەبەستنی ڕووداوەکان، ئەمەیش گومانێکی یەکجار خراپ دروست دەکات. وابزانم ئەمە جاری یەکەمە یەکێتی دوای گوشارەکان و کاردانەوەکان ئاماژە بە (نەهێشتنی گرووپی میلیشایی دەرەوەی دەوڵەت لە بەغدا دەکەن). واتا گوشارەکان یەکجار زۆرن، دۆخەکە مەترسیدارە، خراپ بەکارهێنانی وشە و زمان هەنووکە کارتێکردن و کاریگەری و بەرهەمهێنانەوەی لەم چەشنە لەگەڵ خۆی دەهێنێت. دەبێ بزانین زمان زانستە و بەکارهێنانی حیکمەتی دەوێت.
سێیەم: حکوومەتی هەرێم داوای دابینکردن و بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی دەکات، لەپێناو ڕاگرتنی هێرش و مەترسییەکان. دواتر کاردانەوەی بەغدا ئەوەی پێشان دا کە دەیانەوێت سیستمی بەرگریی نوێ بکڕن و هەرێمیش دەگرێتەوە.
چوارەم: هەر لایەن و گرووپ و کەسێک ئەم کارەی کردبێت، خەڵکی تووڕە کردووە، مەترسیدارە، دەیانەوێت (گەشەکردن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان ڕاگرن)، یان دەیانەوێت (ئاژاوەیەکی سیاسی گەورە لە هەرێم بەرپا بێت، وەک ئاماژەی پێ کرا هۆکاری شەڕی نەگریسی ناوەخۆیی هان دەدرێت). ئەم هۆکارە لە زمانی هەردوو بەرە بەدی دەکرێت. یەکیان بەرپرسە یەکەمەکان بەکاری دێنن، ئەویتریش خەڵکی ئاسایی. زمانی یەکێکیان حووکم و بڕیار و لە پێگەی باڵاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوی دیکەش جەماوەر و تووڕەییە و کاردانەوەیە. زەوینەسازییە.
پێنجەم: لە ناوەخۆی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ سەرنجی خەڵک، قسەکەر و شڕۆڤەکاران و تەنانەت کاردانەوەی تاکی کوردیش چووە سەر ئەو قسە و هۆکارانەی پێوەندییان بە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان هەیە، ئاشکرا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام هەڕەشە دەکەن، ئەگەر (داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، حکوومەت پێک نایەت، غاز و نەوت دەبڕن، کارەبا تێک دەدەن و دەبڕن)، لە کردەوەش دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بە مانای (ئاژاوە، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و چوون بەرەو بیرۆکەی هەڵبژاردنی نوێ دێت، سەرباری پەککەوتنی حکوومەت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان) و لە هەموویشیان گرنگتر (نەمانی شەرعیەت و دەسەڵات و کیانی هەرێمی کوردستانە). سەرباری ئەوە، دوور نییە ئەم هێرشانە پێوەندییان بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ڕێگا و پڕۆژە و بەرنامەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیشەوە هەبێت.
شەشەم: ژ ئالیەكی دیڤە پارتی دیموکراتی کوردستانیش دۆخەکە بەوە دەبەستنەوە کە سەرکەوتنەکانی ئەوان لە (هەڵبژاردنەکان)، (دەستکەوتی ئەفسانەیی چارەسەری کارەبای 24 سەعاتی کە بە گەورەترین سەرکەوتنی دوای ڕاپەڕین دادەنرێت، بە شێوەیەکی دوژمنکارانە کراوەتە ئامانجی دەرەکی و ناوەخۆیی)، لەگەڵ (دژایەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە) و (جووڵاندنی مەلەفی نزیکبوونەوە لە حزب و لایەنە براوەکانی دیکە لە هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، یەکێتی تووڕە کردووە) و سەرباری (جمووجۆڵی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێی فیدراڵی) و (مەلەفی پێوەندییەکان) هەبێت.
چما و ئاکام
ئەم هێرشەی کرایە سەر کۆرمۆر ئەمجارە کاردانەوە و ئەنجامی زۆر جیاوازی دەبێت، کاردانەوەکان خێران، هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئاشکرایە و بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی (ئابووری، وزە، سەرچاوە و ژیانی سروشتی هاووڵاتیان، ئاسایشی گشتیی خەڵک و تاک)، گوتاری کاردانەوەکان تەنیا سیاسی نین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی باشتری لە بەردەمە بۆ ئەوەی بیرۆکەی بەدەستهێنانی سیستمی بەرگریی ڕاشکاوانەتر بورووژێنێت، چونکە پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی جیاوازتردایە، بەراورد بە ڕابردوو، ڕێککەوتنی فەرمی کۆمپانیاكانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەمەریکا دەیەوێت دۆسیەی کڕینی غاز لەژێر دەستی ئێران دەربێنێت و ئەمجارە بڕینی کارەبا پێوەندی بە عێراقیشەوە هەیە. واتە تەنیا دوژمنایەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو وڵات و لایەنی دیکەش دەگرێتەوە.
حکوومەتی هەرێم دەبێت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە بکات، ئاژاوەی ناوەخۆ فرەوان نەکرێت. یەکێتی و پارتی بە زووترین کات نیازی نیشتمانی خۆیان لە پێکهێنانی حکوومەت بکەنە کردەوە، گوتاری خراپی سیاسی ڕابگرن.
لە هەمووی کاریگەرتر، ئەگەر نازانی زمان بە گونجاوی و ستراتیجی بەکار بێنیت، بێدەنگی باشترین قسەکردنە. زمان و گوتار زانستن، گوتار حووکم و بڕیاری لەڕێگەی زمانەوە تێدایە. ئەم بڕیارانە لە کردەوەدا نەرمن و تەنیا بە وشە بەرهەم هێنراون، بەڵام ئاکامەکەی لە ئاکامی خراپ بەکارهێنانی ڕەقەکاری و ڕق و کاردانەوەی تووند و ئابڕووچوون و بەرپرسیاری لە بەرهەمهێنانی ئاژاوە و کێشە دروست دەکات.
















Leave a Reply