ئیسرائیل: حزبوڵا لە رێگەی حوسییەكان تۆڵەی كوشتنی تەباتەبائی دەكاتەوە

بینەر: (9)

لە ماوەی دوایی ئیسرائیل گورزێكی تری گەورە و كاریگەری لە حزبوڵای لبنانی دا و ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالاری حزبەكە و دووەم كەسایەتیی باڵای ئەو حزبەی كوشت، هاوكات خۆی بۆ تۆڵكردنەوە لە لایەن حزبوڵا ئامادە كردووە، ناوەندە تەناهییەكانی ئیسرائیل ئاماژە دەكەن كە حزبوڵا بۆ تۆڵەكردنەوە بەنیازە سەركردایەتیی حزسییەكانی یەمەن رابسپێرێت بۆ وەڵامدانەوەی كوشتنی تەباتەبائی.

رۆژنامەی “مەعاریف”ی ئیسرائیلی هۆكاری ئەو پێشبینییەی ئیسرائیلی بۆ ئەوە گەڕاندنەوە كە بەو هەنگاوە حزبوڵا دوو ئامانج دەپێكێت، لە لایەك ناراستەوخۆ تۆڵەی كوشتنی تەباتەبائی دەكاتەوە، لە لایەكی تر خۆی و لبنان لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت، كە رەنگە هێرشێكی فرەوان بكاتە سەر لبنان و توانای حزبەكە بە تەواوەتی لەناو ببات و لبنانیش وێران ببێت.

بەپێی رۆژنامەكە، وەڵامدانەوەی حوسییەكان بۆ ئەو داوایەی حزبوڵا بەپەلە دەبێت، ئەوەش بەهۆی پێوەندیی بەهێز و گرنگیی تەباتەبائی لای ئەوانیش، كە نۆ ساڵ پێوەندیی راستەوخۆیان هەبووە و كاری لەسەر بەهێزكردنی توانای سەربازی ئەوان كردووە، لە بەرانبەردا ئێستە بەرپرسانی تەناهیی ئیسرائیل تاوتوێی چەند بژارەیەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سیناریۆكانی وەڵامدانەوەی حزبوڵا دەكەن، سەرچاوەیەكی تەناهیی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە چاودێریی گەڕانەوەی حوسییەكان بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەكەن، كە ئەوان بە دوای پاساوێكدا دەگەڕێن بۆ ئەو كارە.

سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە حزبوڵا دەستبەرداری تۆڵەكردنەوە لە كوشتنی تەباتەبائی نابێت، بەڵام باش دەزانن هەر هێرشێكی راستەوخۆیان بۆ سەر ئیسرائیل دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی فرەوان و زیان بە خۆیان و لبنان دەكەوێت، بۆیە بەدوای سیناریۆی تردا دەگەڕێن، لەوانە جیا لە بەكارهێنانی حوسییەكان، هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی ئیسرائیل لە دەرەوە یان تۆڵەكردنەوە لە سووریا لە رێگەی شانەكانی سەر بە رێكخراوی كۆمەڵی ئیسلامی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *